
سه‌ید ڕه‌یس به دینارێك و ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان به نیو دینار، خۆزگه پارێزگا و مه‌ڵبه‌ندی ٢ و لقی٣ به‌قه‌د توركمانێك هاوڕیان له هونه‌رمه‌ند سڵاح داوده ئه‌دایه‌وه پێش مردنی .... نجم ا‌لدین احمد شوان ـ نه‌رویج
چه‌ند رۆژێك بوو ئاسمانی نیشتیمانم خۆڵ و تۆزی لێده باری
ڕه‌نگی ئاسمان، دیمه‌نی شار، بۆر و چڵكن هه‌ڵگه‌ڕابوون
ڕوناكی خۆری بێ‌تین لاواز
ئه‌ستێره‌كان كـزومه‌لول ڕاوه‌ستابوون
نه‌مده‌زانی ئه‌مجاره‌یان ئه‌ستێره‌یه‌ك له شاره‌كه‌م دائه‌چۆڕێ ...
به‌داخه‌وه ئه‌مجاره‌یان هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆشی كورد سه‌ڵاح داوده به‌جێی هێشتین و كۆمه‌ڵێك ئاهو ئاره‌زووی به‌دی نه‌هاتووی له‌گه‌ڵ خوێدا پێچایه‌وه بۆ ژێر گڵ.
من خۆم له ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌وه به‌ده‌نگی زوڕنا به سۆزه‌كه‌ی و ده‌نگه ناسكه‌كه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده و زرمه‌ی كوتانی ده‌هۆڵه‌كه‌ی خوا لێخۆش‌بوو ئه‌حمه‌د داوده گۆشكرابووم بۆیه تائێستاش هه‌ر له‌گوێمدا ده‌نگیان ده‌زرینگێته‌وه.
هه‌موو خه‌ڵكی كه‌ركوك به تایبه‌ت خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه و سه‌ركارێز به چاكی ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده ئه‌ناسن كه چه‌ند جۆشكه‌روخۆشكه‌ری یه‌كه به یه‌كه زه‌ماوه‌ند و یاده‌وه‌رییه كوردییه‌كانی شاری كه‌ركوك بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له هه‌موو ساڵێكدا له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا له‌گه‌ڵ نیوه‌شه‌ودا كۆڵان به كۆڵان به ده‌نگی زوڕنا و ده‌هۆڵه‌وه خه‌ڵكی نوستوویان به‌ئاگا ده‌هێنایه‌وه بۆ ڕۆژوو گرتن.
ئه‌و هونه‌ردمه‌نده كورد په‌روه‌ره ژیانی ته‌نها به‌وه ده‌زانی كه تێیدا خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات به ڕێگای ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی و سازی زوڕناكه‌یه‌وه. خوالێخۆشبوو هیچ كاتێك گوێ نه‌ئه‌دا به سه‌ختی ژیان و ده‌ستكورتی و هه‌ژاری له‌كرێچێتیدا له‌گه‌ل ماڵ و منداڵه‌كانیدا، بۆیه هه‌میشه بۆ په‌یداكردنی تیكه نانێكی بێ منه‌ت و دوور له نۆكه‌رایه‌تی و سه‌ر دانه‌نواندن بۆ دووژمن ئه‌و ڕێبازه‌ی به‌گه‌وره‌ترین ئامانجی خۆی ده‌زانی .
ئێستا له‌م دووره‌وه چاك ده‌زانم ئه‌و وه‌سێته‌ی هونه‌رمه‌ند كه‌هه‌میشه به ده‌نگه ناسكه‌كه‌ی ده‌یوته‌وه
(ساقی عوباڵی منت به ئه‌ستۆ هه‌ر كاتێك مردم هه‌ر به مه‌ی بمشۆ
شیوه‌نی من عود و كه‌مان بێ له‌جیاتی ڕۆڕۆ)
نه‌هاتۆته دی چونكه له گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌دا ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد كه هه‌میشه خه‌ڵكه‌كه‌ی تامه‌زرۆی ئاوی خواردنه‌وه‌ن نه‌وه‌كو مه‌ی.
به‌درێژایی ته‌مه‌نی ڕۆژێك له ڕۆژان له پێناوی موچه‌دا سه‌ری بۆ به‌عس دانه‌نواند چونكه ته‌نها سرودێكیشی به قادسیه و سه‌ددامه‌وه نه‌وت. ئه‌وانه‌ی كه به‌باڵای سه‌ددام و قادسیه و به‌عسدا هه‌ڵیان ده‌دا تا ئێستا ژیان و گوزه‌رانیان به‌خۆشی وكامه‌رانی ده‌به‌نه سه‌ر به پێچه‌وانه‌ی خوالێخۆشبووه‌وه .
هونه‌رمه‌ند له ١٩٤٥دا له‌كه‌ركوك له خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاردا چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه و ڕۆژگاره‌كانی ژیانیشی هه‌ر به هه‌ژاری به‌ڕێ كرد تا ئه‌وكاته‌ی به یه‌كجاری ماڵئاوایی له نیستیمانه‌كه‌ی كرد.
نمونه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌كوردستاندا زۆره ، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌س به ده‌نگیانه‌وه ناچێت و هاوه‌رییان لێ ناداته‌وه به تایبه‌ت له شاری كه‌ركوكدا كه چه‌نده‌ها هونه‌رمه‌ندو نوسه‌ر و ڕۆشنبیری هه‌ڵكه‌وتووهه‌ن به كوله‌مه‌رگی ژیان به سه‌ر ده‌به‌ن چی له كه‌ركوك و چی له تاراوگه‌دا.
لێره‌دا به سه‌رهاتێكی هونه‌رمه‌ند( فایق داوده)م به‌بیر هاته‌وه له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا. فایق له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی و له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماده نه‌بوو به سه‌ددام و قادسیه‌دا هه‌ڵبدات له‌سه‌ر پرده‌كه‌ی ڕووباری خاسه وێنه‌ی ده‌فرۆشت. ئێوارانێك له‌سه‌ر پرده‌كه پڕ به ده‌م هاواری ده‌كرد : سه‌ید ڕه‌ئیس به دینارێك، ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان به نیو دینار، هه‌رزانمان كرد وه‌رنه‌وه . له پڕێكدا پیاوه‌كانی به‌عس باڵبه‌ستیان كرد و ڕاپێچی زندانیان كرد. پاش ئه‌شكه‌نجه‌دان و چه‌ند ڕۆژێك زندانی ئازاد كرا به‌مه‌رجێك ئیتر وێنه نه‌فرۆشێت بۆیه به‌ناچاری ده‌ستی كرد به فرۆشتنی (هه‌نارچی واتا هه‌ناری هه‌ڵگڵۆفـراو) له سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌كی سێ پاچكه.
ڕۆژێكیان بینیم و نزیك بومه‌وه تاكو قاپێك هه‌ناری لا بخۆم ، به‌ده‌م هه‌نارخواردنه‌وه پرسیارم لێ‌كرد و ووتم كاك فایق له‌سه‌ر چی گیرا بووی؟ له وه‌ڵامدا ده‌ستی كرد به پێكه‌نین و ووتی ( ده‌یانه‌وێت ناچارم بكه‌ن به قادسیه‌وه سرودێك بڵێم به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌برساندا بمرم سروودی قادسییه‌یان بۆ ناڵێم هه‌رچه‌نده فرۆشتنی هه‌نار بژێوی ژیانی منداڵ و كرێخانوو ده‌رناكات).
بۆیه منیش وه‌كو كوردێكی ئه‌وشاره داواكارم له‌سه‌رۆكی هه‌رێم ، سه‌رۆك بارزانی، هاوڕێك له خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند سڵاح داوده و هونه‌رمه‌ندی سه‌ربه‌رزی كورد فایق داوده بداته‌وه بائه‌ویش وه‌كو هونه‌رمه‌ند سلاح داوده با ئاهی سه‌رده‌وه سه‌ر نه‌نێته‌وه.
١٠/٥/٢٠٠٩ نه‌رویج
|